:کورتەیەک لەسەرپەیمانگاى تەکنیکى دەربەندیخان
پەیمانگاى تەکنیکى دەربەندیخان ، یەکێکە لە دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ، سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە، لە سەر پێشنیارى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و بە فەرمانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارە (3 ن 2312) لە (29/05/2005) ، فەرمانى سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى (دەستەى خوێندنى تەکنیکى کوردستان) ژمارە (4123) لە (09/10/2005) دامەزراوە ، هەردوو بەشى زانستى (کارەبا و ژمێریارى) سەرەتاى کردنەوەى پەیمانگا بوون.
بۆ ساڵى خوێندنى (2006-2007) پەیمانگا دەرگاکانى واڵا کرد بۆ خوێندکارانى ، لە لایەن ناوەندى وەرگرتنى مەڵبەندییەوە. سەرەتا پەیمانگا (90) خوێندکارى وەرگرت ، وە بینایەکى بۆ تەرخانکرابوو کە پێشووتر چەند دامەزراوەیەکى حکومى تێدا بوو ، بە سوپاسەوە لە لایەن سەرۆکایەتى شارەوانى دەربەندیخانەوە نۆژەن کرایەوە وە لە ماوەیەکى کورتدا سەرەڕاى نەبوونى کارمەندى پێویست و کەمى بوودجە لە پەیمانگا ، توانرا زۆربەى پێویستییەکانى بۆ دابین بکرێت پاشان گوازرایەوە بۆ ئەم بینا نوێیەى ئێستا ، وە بۆ ساڵى خوێندنى (2010-2011) لە سەر پێشنیارى پەیمانگا و بە فەرمانى ئەنجوومەنى زانکۆ ،بەشى زانستى (کارگێڕى کار) کرایەوە و ژمارەیەک خوێندکارى وەرگرت، پاشان بۆ ساڵى (2011-2012) بەشى زانستى (ڕووپێوى) کرایەوە ، پاشان  بۆ ساڵى (2015-2016) بەشى زانستى (پەرستیارى ) کرایەوە پاشان  بۆ ساڵى (2017-
2018) بەشى زانستى (کۆمپیوتەر ) کرایەوە بە هیواى بەرەوپێشچوونى ڕەوشى خوێندن لە کوردستان


:کورتەیەک لە سەر دەربەندیخان:
دەربەندیخان دەکەوێتە ناوچەیەکى شاخاویەوە ، نزیک ڕووبارى سیروان و زنجیرە چیاکانى زمناکۆ لە لاى ڕۆژهەڵات ، قەرەداخ و شاخى گوڵان و زەردە دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاوایەوە ، لە باکوریشەوە زنجیرە چیاى بەرانانە. نزیکەى (68) کم لە باشورى سلەیمانیەوە دوورە ، لە بەر تایبەتمەندیانەوە کە هەیەتى جێگەیەکى شیاوە بۆ هاوینە هەوار و سەیرانگا.
ناو و مێژووى دەربەندیخان ، بە پێى هەندێ سەرچاوەى مێژووى لەوانە (کریم زەند) لە کتێبى (جوگرافیاى کوردستان) نوسیویەتى ، پێک هاتووە لە دوو بڕگە (دەربەند) واتە گەروو یان تەنگى ، ئەو تەنگیەش دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى دەربەندیخانەوە کە ئێستا بەربەستى دەربەندیخانى لێ دروستکراوە ، بڕگەى دووهەم (خان) واتە میر ، کە لەوێدا میرێک یان خانێک هەبووە بە ناوى خانى ئەحمەد خان . هەندێک سەرچاوەش ووشەى خان دەگێرنەوە بۆ ووشەى دیوەخان ، کە جێگاى ئەو کەس و کاروانچیانە بووە کە ڕێگەیان کەوتۆتە ئەو ناوچەیە.
شوێنى ئێستاى دەربەندیخان دێیەک بووە بە ناوى (سەلیم پیرک) ، سەر بە ناحییەى وارماوا بووە ، تا ساڵى 1957 کراوەتە مەڵبەندى ناحییەى وارماوە کە کۆى دانیشتووانەکەى 315 کەس بووە، پاشان لە ساڵى (1970) بووەتە ناوەندى قەزا.لە ساڵى 1992 کراوەتە مەڵبەندى پارێزگاى کەرکوک تا ساڵى 2006 وە کۆى دانیشتووانەکەى نزیکەى چل هەزار کەسە.
یەکەم قوتابخانە لە ساڵى 1958 کراوەتەوە بە ناوى قوتابخانەى دەربەندیخان وە ئێستا نزیکەى (40) قوتابخانەى لێیە.دەربەندیخان خاوەنى تەنها تونێل بوو لە عێراقدا تا ئەم ساڵانەى دوایی هەروەها بەنداوەکەشى کە نزیکەى 200 مێگا وات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.